لێرەوە واز دەهێنیت لەوەی زێڕ و فۆڕێکس و کریپتۆ وەک سێ بازاڕی جیاواز ببینیت. یاسای یەکەم: پارە هەرگیز ون نابێت، تەنها لە شوێنێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی تر. کاتێک وەبەرهێنەران دەترسن، پارە بۆ شوێنی سەلامەت دەڕوات؛ کاتێک دڵنیان، بۆ شوێنی پڕ مەترسی.

هەستی بازاڕ: Risk-On بەرامبەر Risk-Off

لە ڕۆژانی دڵنیایی (Risk-On) پارە دەچێتە ناو پشک و بیتکۆین. لە ڕۆژانی ترس (Risk-Off) پارە دەچێتە ناو دۆلار و قەواڵە و زێڕ و هەندێک جار یەنی ژاپۆنی و فرانکی سویسری.

زێڕ و دۆلار

زێڕ بە دۆلار دەپێورێت، بۆیە دۆلاری بەهێز کڕینی زێڕ گرانتر دەکات. هۆکاری گەورەتر سوودە: زێڕ سوود نادات، بۆیە کاتێک سوودی بانک بەرز دەبێتەوە خەڵک زێڕ دەفرۆشن. سوود بەرز = زێڕ دادەبەزێت؛ سوود کەم = زێڕ بەرز دەبێتەوە.

پێوەری دۆلار (DXY)

DXY تەرمۆمەتری هێزی دۆلارە. DXY بەرز = دۆلار بەهێز، EUR/USD و زێڕ دادەبەزن. تێبینی: لە جەنگ و قەیراندا زێڕ و دۆلار پێکەوە بەرز دەبنەوە چونکە هەردووکیان سەلامەتن.

نەوت

کاتێک نەوت بەرز دەبێت، تێچووی گواستنەوە و کارگە بەرز دەبێت و هەڵاوسان زیاد دەکات، کە سوود بەرز دەهێڵێتەوە و فشار دەخاتە سەر زێڕ و پشک و بیتکۆین.

قەواڵە و سوودەکەی (Yield)

سوودی قەواڵەی ١٠ ساڵەی ئەمریکا یەکێکە لە گرنگترین ژمارەکان. ئەگەر بگاتە ٥٪، پارەی جیهان ڕوو لە ئەمریکا دەکات، دۆلار بەهێز دەبێت.

پشکەکان (S&P 500 و Nasdaq)

کۆمپانیای تەکنەلۆژیا قەرز دەکەن بۆ گەشە، بۆیە سوودی بەرز زیاتر زیانیان پێدەگەیەنێت — Nasdaq زۆرجار بە توندی دادەبەزێت.

بیتکۆین و سیولە

بیتکۆین وەک پشکی تەکنەلۆژیای پڕ مەترسی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. کاتێک بانک سوود دادەبەزێنێت، پارەی هەرزان دێتە بازاڕ و دەچێتە پشک ← بیتکۆین ← ئەڵتکۆین ← میم کۆین.

پێوەری ترس (VIX)

VIX نزم = ئارامی، پشک و کریپتۆ بەرز. VIX بەرز = ترس، پارە بۆ دۆلار و زێڕ، پشک دادەبەزێت.

بەیەکەوە

هەڵاوسان بەرز → بانک ناتوانێت سوود کەم بکات → سوود بەرز → دۆلار بەهێز → زێڕ دادەبەزێت → Nasdaq دادەبەزێت → بیتکۆین دادەبەزێت. بەڵام هەندێک جار بازاڕ پێشتر نرخاندوویەتی.

چاوەڕوانی وانەی ٥ بن.