بازرگانی لە فۆڕێکس دەتوانێت قازانجێکی زۆرت پێبدات، و بە ملیۆنان بازرگان ٢٤ کاتژمێر کاری تێدا دەکەن لە جیهاندا. بەڵام داتاکان دەریدەخەن کە بازرگانێکی یەکجار زۆر ڕۆژانە بە ملیۆنان دۆلار زەرەر دەکەن.
گرنگترین هۆکارەکانی زەرەر و زیان لە بازاڕی فۆڕێکسدا بریتین لەم ٧ خاڵەی خوارەوە.
١. کەمی زانیاری یان نەبوونی زانیاری پێویست
یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی زیانکردن لەم بازاڕەدا نەبوونی زانیارییە. زۆرێک لە بازرگانان دێنە ناو ئەم بازاڕەوە بەبێ تێگەیشتن و زانیاری، تەنانەت شێوازی کارکردنی بازاڕەکە و سۆفتوێرەکانیش نازانن. تێگەیشتنیان بۆ شیکاری فەندەمێنتاڵ و تەکنیکاڵ نییە، هەروەها ڕیسک مەنەجمێنت و سایکۆلۆژی بازرگانی. بەبێ زانیاری و تێگەیشتن لەم بابەتانە زەرەرت مسۆگەرە.
٢. بازرگانی لەسەر بنەمای هەست و سۆز
مامەڵەکردن لەسەر بنەمای هەست و سۆز وا لە بازرگان دەکات هەستەکانی بڕیاری بۆ بدەن، کە کۆتایی دێت بە زیانی دارایی. ترس و تەماح و متمانەی لە ڕادەبەدەر دەکرێت بازرگان بەرەو بڕیاری هەڵە و ناجێگیر و مەترسیدار ببەن، وا لە بازرگان دەکەن نەتوانێت لەسەر ستراتیژییەکانی خۆی بەردەوام بێت.
٣. خراپی یان نەبوونی ڕیسک مەنەجمێنت
بازرگانی سەرکەوتوو هەموو کات شیکاری تەواو بۆ زیان و قازانج دەکات پێش داخڵبوون لە هەر مامەڵەیەکدا، و زیان و قازانجی خۆی سنووردار دەکات. زۆرێک لە بازرگانان ستۆپ لۆس بەکارناهێنن یان لۆتی گەورە بەکاردەهێنن، کە زنجیرە زیانێکی بەردەوام دروست دەکات تاکو مایەپووچبوون.
٤. مامەڵەی زۆر و بەردەوام
هەندێک وا بیر دەکەنەوە کە مامەڵەی زیاتر واتە قازانجی زیاتر، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە. مامەڵەی زۆر مێشکی بازرگان ماندوو دەکات، و دەکرێت بازاڕ پێچەوانە بجوڵێت. زۆرجار قازانجەکانی ئەمڕۆ و دوێنێ و هەفتەیەک بە یەک مامەڵەی هەڵە لەدەست دەچن.
٥. نەبوونی پلان
پلانێکی تۆکمە وا دەکات لەم بازرگانییەدا قازانج بکەیت. پلانەکە پێویستی بە دیاریکردنی خاڵی چوونەژوورەوە و هاتنەدەرەوەیە لە هەر مامەڵەیەک، پەیڕەوکردنی ڕیسک مەنەجمێنت، و شیکاری تەواوی بازاڕ. مامەڵەکردن بەبێ پلان جیاوازی نییە لەگەڵ قومارکردندا.
٦. لاڤرێجی بەرز
بەکارهێنانی لاڤرێجی بەرز دەتوانێت قازانجی زۆرت پێبدات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت ببێتە هۆی زەرەری زۆر. زۆرێک لە بازرگانان لاڤرێجی بەرز بەکاردێنن بەبێ شارەزایی، کە سەریدەکێشێت بۆ زیانی گەورە ئەگەر بازاڕ پێچەوانەیان بجوڵێت.
٧. تەماح و نەبوونی ئامانجی ڕۆژانە
کاتێک تەماحی زۆرت هەبێت، بێگومان زیانی زۆرت دەبێت. ئەگەر ڕۆژانە ڕێژەیەک بۆ قازانج و زەرەر دیاری نەکەیت، زیانی دارایی زۆر دەکەیت.
لە کۆتاییدا، هیچ بازرگانییەک بەبێ زیان و زەرەر نییە، و بەبێ مەترسی هیچ سەرکەوتنێک لە ئارادا نییە. بەڵام گرنگە لە هەر بازرگانییەک زانیاری تەواوت هەبێت و بەردەوام لە هەوڵی فێربوون بیت، بۆ ئەوەی لانیکەم زیانەکانت سنووردار بکەیت و قازانجەکانت زیاتر بکەیت.
شاڵاو کۆیی