لەم ڕۆژانەدا حەرامی فۆڕێکس بووەتە باسێکی گرنگی سۆشیاڵ میدیا. وەک کەسێکی خاوەن ئەزموون لە بازاڕە داراییەکان و باکگراوندی ئاینی، ڕێز لەو زانا و مەلایانە دەگرم کە هەوڵی وشیارکردنەوەی خەڵک دەدەن — بەڵام پێم وایە چەندین هەڵە تێگەیشتن هەیە لەم بابەتەدا. ئەمە فتوا نییە، بەڵکو کۆی شارەزایی چەند ساڵمە، بە داتا و ژمارە و بەراوردی لۆژیکی.
١. «٩٥٪ ی ترەیدەران زەرەر دەکەن»
ئەم ژمارەیە دروست نییە. توێژینەوەی ESMA دەریخستووە کە لە ٢٠١٩ نزیکەی ٧٤–٨٩٪ ی بازرگانانی خۆرەتاک زەرەریان کردووە — بەرزە، بەڵام بەراورد بە بزنسەکانی تر ئەوەندە نامۆ نییە: بەپێی SBA، ٩٠٪ ی ستارتاپەکان شکست دەهێنن. زەرەر پەیوەندی بە ئاستی کەسەکە و زانیاری و بەڕێوەبردنی مەترسییەوە هەیە، نەک بە خودی بازاڕەکە.
٢. سواپ
سواپ (ڕیبا) بەڕاستی حەرامە و کەس قسەی لەسەری نییە. بەڵام ئێستا سەرووی ٥٠–٦٠٪ ی بڕۆکەرەکان حسابی ئیسلامی (بێ سواپ) پێشکەش دەکەن، هاوشێوەی بانکە ئیسلامییەکان کە بەبێ سوود کاردەکەن.
٣. سپرێد
سپرێد جیاوازی نێوان نرخی کڕین و فرۆشتنە — کرێی خزمەتگوزارییە بۆ بڕۆکەر، نەک ڕیبا. لە ئیسلامدا وەرگرتنی کرێ بۆ خزمەتگوزاری ڕێگەپێدراوە، بە مەرجی شەفافیەت. هاوشێوەی عمولەی بریکاری خانووبەرە (١–٦٪) کە حەڵاڵە.
٤. «بڕۆکەرەکان فێڵ دەکەن»
بڕۆکەری نائەخلاقی هەیە، بەڵام فێڵ لە هەموو پیشەیەکدا هەیە. چارەسەرەکە کارکردنە لەگەڵ بڕۆکەرە ڕێکخراوەکان لەژێر چاودێری FCA، ASIC، یان NFA — نەک حەرامکردنی تەواوی بازاڕەکە.
٥. کاریگەری فەندە گەورەکان و بانکەکان
بانک و سەرمایەدارە گەورەکان دەتوانن کاریگەری هەبێت — بەڵام ئەمە لە هەموو بازاڕێکدا هەیە (پشک، کاڵا، خانووبەرە). لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی ٢٠٪ ی ترەیدەران قازانجی درێژخایەن دەکەن.
٦. نادڵنیایی (غارار)
غارار لە هەموو بزنس و وەبەرهێنانێکدا هەیە. نادڵنیایی خۆی حەرام نییە؛ ئەوەی حەرامە زیادەڕەوی و پشتبەستن بە تەنها بەخت و چانسە. فۆڕێکس مەترسی حیسابکراو لەخۆدەگرێت لەسەر بنەمای شیکاری.
٧. پشک و ئیندێکسی حەرام
فۆڕێکس مامەڵە لەگەڵ جووتە دراوەکان دەکات، نەک خاوەندارێتی کۆمپانیا. ئەکادیمیای فیقهی ئیسلامی بازرگانی بە دراوی بە حەڵاڵ زانیوە، بە مەرجی مامەڵەی دەستبەجێ (پەڵە). دەکرێت لە ئامرازە حەرامەکان دووربکەویتەوە.
٨. «خاوەنی هیچ نیت»
تۆ دراوێک دەگۆڕیتەوە بە دراوێکی تر — هاوشێوەی گۆڕینی دۆلار بە یۆرۆ لە ئۆفیسی ئاڵوگۆڕدا. بەپێی IFG، پێوەری سەرەکی خاوەندارێتی ڕاستەقینە و دەستبەجێیە، کە لە فۆڕێکسدا ڕوودەدات.
٩. «تەنها قومارە»
قومار لەسەر بنەمای بەخت و چانسە؛ فۆڕێکس لەسەر بنەمای شیکاری و ستراتیژی و بەڕێوەبردنی مەترسییە. بەپێی NBER، ئەو بازرگانانەی دیسیپلین و ڕیسک مەنەجمێنت بەکاردەهێنن، باشترن لەوانەی پشت بە بەخت دەبەستن.
١٠. حسابی ئیسلامی
زۆرێک لە بڕۆکەرەکان حسابی ئیسلامی پێشکەش دەکەن کە توخمی ڕیبا لادەبەن. خۆم وەک کاسبکارێکی موسڵمان حسابی ئیسلامی بەکاردەهێنم بۆ ئەوەی سازش لەسەر ئیمانم نەکەم.
١١. لاڤرێج
لاڤرێج بۆ خۆی حەرام نییە، بەندە بە چۆنیەتی بەکارهێنانی. قەرزکردنی پارە بۆ کارێکی حەڵاڵ ڕێگەپێدراوە، بە مەرجی نەبوونی سوود. حسابە ئیسلامییەکان سوود لە لاڤرێج لادەبەن.
١٢. مارجن
بازرگانی بە مارجن ڕێگەپێدراوە ئەگەر هیچ سوودێکی تێدا نەبێت. لە حسابی مارجنی ئیسلامیدا سوود وەرناگیرێت، بۆیە حەڵاڵە.
لە کۆتاییدا، فۆڕێکس وەک هەر بازاڕێکی تر مەترسی تێدایە. بەڵام بە زانیاری دروست و ستراتیژی و پابەندبوون بە بنەما ئیسلامییەکان، دەتوانێت ڕێگەیەکی حەڵاڵ بێت. کلیلەکە ئاگاداربوون، بەڕێوەبردنی مەترسی، و کارکردنە لە سنووری یاسای شەریعەتدا.
شاڵاو محەمەد جەمال — شارەزای بواری بازاڕە داراییەکان